ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک بۆ رابردوو (رۆژهه‌ڵاتی کوردستان)
"کەسی زانا ئەوەیە کە خۆی لەگەڵ ڕۆژگار دەگونجێنێت نەک ڕۆژگار لەگەڵی بگونجێت" .
ئاگری باڵه‌کی
ئەزموونی سەدەی رابردوو نیشانی داوە کە کاتێک ده‌سه‌ڵاتێک لە رێگای هێز یان راپه‌رینێکی خوێناوی و پڕ له توندوتیژی دەگۆرێت، ده‌بێ چاوه‌روانی ئه‌وه‌ش بین که ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی دێته‌سه‌رکار به‌هه‌موو جۆرێک شه‌رده‌کات بۆ مانه‌وه‌ی خۆی. چونکه بناخەکە وا دادەڕێژرێ. واته به توندوتیژی و به‌کارهێنانی هێز. کۆماری ئیسلامی ئێران یه‌کێک له‌و نمونانەیە که له‌سه‌ره‌تاوه واته له‌کاتی راپه‌رینی گه‌لانی ئیران لە ساڵی 57 دا به توندوتیژی و کوشت و کوشتار خۆی سه‌پاند. دڵنیام ئەگەر ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بە شێوەی هێمنانە و لە رێگای حکومەتی کاتیی ئەو سەردەمی شاپوری
بەختیارەوە سەرکەوتبا، چارەنووسی ئێران بە ئاقارێکی زۆر باشتردا بەرەو دێموکراسیەکی رێژەیی هەنگاوی دەنا. هه‌ڵبه‌ت راپه‌رینی گه‌لانی ئێران له دژی رێژیمی پاشایه‌تی له‌لایه‌ن خه‌لکی ئازادیخوازه‌وه به‌رنامه‌یه‌کی وای بۆ دانه‌نرابوو و بۆیه ئایه‌توڵلاکان به‌حوکمی که‌شی ئه‌وکاتی جیهان جڵه‌وی راپه‌رینه‌که‌یان گرته‌ده‌ست و توانیان کات بقۆزنه‌وه و لە سایەی دروشمی "نە شەڕقی نە غەربی" بۆ دۆخی دوو جەمسەریی نێوان ئەمریکا و شورەوی ئەو سەردەم، خۆیان له‌گه‌ڵ رۆژگاری ئه‌وکات گونجاند. ئه‌وه زیاتر له سێ ده‌یه‌یه که رێژیمی کۆماری ئیسلامی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئێران دا گرتووه و رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ ئه‌م رێژیمه له‌لای خه‌لکی ئێران و جیهان خۆشه‌ویستی خۆی له‌ده‌ست ده‌دا. (به‌پێی راپرسیه‌کی بی.بی.سی کۆماری ئیسلامی له‌ساڵی 2010به 59% به یه‌که‌م وڵات دانراوه که نه‌قشی مه‌نفی هه‌بووه له رووداوه‌کانی جیهان).
لێره‌دا پرسیارێک دێته ئاراوه ئایا ئه‌م نیزامه‌ی ئیستای ئێران پێویستی به گۆرینی ئه‌ساسی هه‌یه یان ده‌بێ هه‌ر ئه‌و نیزامه لاچێ و له‌بنه‌ره‌تدا وڵاتێکی دیکه بنات بنێینه‌وه؟ ئه‌م پرسیاره دژبه‌رانی کۆماری ئیسلامی به دوو ده‌سته دابەش کردووە؛ به‌شێکیان پێیان وایه ده‌بێ کۆماری ئیسلامی به هه‌موو شتێکه‌وه بڕوا و هه‌ندێکی تریان له‌و بڕوایه‌دان که ده‌بێ گۆرانکاری ئه‌ساسی له کۆماری ئیسلامی‌دا بێته گۆرێ.
بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز....به‌داخه‌وه ئێمه جولانه‌وه‌ی خه‌ڵکی ئێران له بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز یان موسه‌وی که‌روبی دا خولاسه ده‌که‌ینه‌وه، له حاڵێکدا ئه‌م جولانه‌وه‌یه هه‌ر له‌سه‌ره‌تای هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی ده‌ستی پێکردووه و رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ گه‌وره‌تر و به‌رینتر ده‌بێته‌وه. ده‌بێ مرۆڤی سیاسی بیرکردنه‌وه‌کانی قوڵتر و ئاینده چاولێبکات. له‌کاتی ئێستادا موسه‌وی و که‌روبی هه‌رچیه‌ک ببن له پێشودا، ئێستا ده‌توانرێ وه‌ک ئامراز که‌لکیان لێ وه‌ربگیرێ. ده‌نا خواسته‌کانی خه‌لکی ئێستای ئێران زۆر له‌سه‌ره‌وه‌ی خواسته‌کانی موسه‌وی و که‌روبیه. ئه‌گه‌ر تۆزێک بۆ دواوه بگه‌رێینه‌وه، ده‌بینین 2ساڵ پێشتر ئه‌و رێبەرانەی بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز چه‌ند داوایه‌کی سه‌ره‌کی خۆیان که به‌قازانج و مه‌سله‌حه‌تی ئەو کاتیان بوو، داویان ده‌کرد بۆ نموونه له ئینتخابات ده‌نگه‌کان دزراون و بماندەنەوە... به‌ڵام به رۆیشتنی کات ئه‌م داوکاریانه گۆرانی ئه‌ساسیان تێدا پێکهات و خواسته‌کان گۆردران. تا ئاستێک کە ئێستا بە ئاشکرا دژ بە وەلایەتی فەقیهـ و کۆماری ئیسلامی دروشم دەدرێ و موسەوی و کەڕوبیش هیچ نەبێ بێدەنگەیان لەو دروشمانەی سەرشەقام کردووە.
باشه ئێمه‌ی کورد که ماوه‌ی 30 ساڵه به دروشمی روخاندنەوە دژی ئه‌م رێژیمه وه‌ستاوین، چمان پێ براوه و دەسکەوت و داهاتمان چی بووە؟ ئایا زیان و قازانجمان لە گەڵ یەکتر بۆ بەراورد دەبن؟ باشه ئیستا له کاتێکدا دنیا به‌ره‌و خه‌باتی بێ تووندوتیژی هه‌نگاو ده‌نێ بۆ ئێمە ده‌بێ ته‌جروبه‌ی کەم دەسکەوت و پڕ زیانی 30 ساڵه‌ی کورد درێژە پێ بدەین؟ من دژ بە خەباتی چەکداری بە ئامانجی دیاریکراو و لە شوێنی دیاریکراو و کاتی دیاریکراو دا نیم بەڵام نازانم ئه‌وه چ حیکمه‌تێکی تێدایه هه‌میشه کورد ده‌بێ تەنیا چه‌ک به‌ده‌ست بێ. تاکو ئیستاشی له‌گه‌ڵ بێ خه‌لکێک له ناو ئێران ده‌ژی نازانێ به‌راستی کوردێک وجودی هه‌یه یان وه‌ک کێشه‌یه‌ک به‌راست قه‌ت هه‌ستی پێ نەکردوه. ئیستاش خه‌لک هه‌یه له ئێران کورد به سه‌ربڕ و دره‌نده ده‌ناسێ! باشه ئه‌مه چ وه‌بیر هاورێیانی ته‌ره‌فداری توندوتیژی دێنێته‌وه؟! باشه ئەگەر ئێمە لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا بەدوور لە دروشمە قەبەکان، هاوکات خه‌باتی مەدەنی و فه‌رهه‌نگیی خۆمان له ناو ناوچه‌کانی کوردستان و ئێران به‌شێوه‌یه‌کی بڵاو و رێکخراو رێکخستبا، ئایا ئیستا دۆسته‌کانمان زیاتر نەبوون له دوژمنه‌کانمان و وه‌زنێکی به‌رچاوتر نەده‌بووین له وڵاتی ئێران‌دا؟!
هێزه کوردیه‌کان ..هێزه‌کوردیه‌کانی کوردستانی رۆژهه‌ڵات له‌ماوه‌ی رابردوودا به‌شێوه‌ی جیاواز روانیویانه‌ته گۆرانکاریه‌کانی ئه‌م دوایه‌ی ئیڕان.، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و له‌سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی 60 وه تا کۆتایه‌کانی ده‌یه‌ی 80 چاولێبکه‌ین، سیاسەتە بنەڕەتیەکانی هێزه کوردیه‌کان گۆرانی به‌رچاویان تێدا دروست نەبووه. له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆماری ئیسلامی را بۆچوونی هێزه‌کوردیه‌کانی کوردستانی رۆژهه‌ڵات به‌نیسبه‌تی ئه‌م رێژیمه بڵێین جیاوازی زۆری هه‌یه،بۆ نموونه له‌سه‌ره‌تای سه‌رکه‌وتنی شۆرشی 57 کورده‌کان ئاماده‌بوون بەشداری لە دەسەڵات دا بکەن به‌ڵام له‌گه‌ڵ گۆڕانی ره‌وتی رووداوه‌کان ئه‌م پشتیوانیه گۆرا بۆ روخانی رێژیم. ئه‌مه له حالێکدابوو هێزی سه‌ره‌کی وا هه‌بوو له‌کوردستان کە حازر بوو بمێنێته‌وه له‌ناو کۆمه‌ڵگای کوردستان و بە ئیجازه‌ی ده‌رکردنی رۆژنامه‌یه‌ک، کار بکات نه‌ک خه‌باتی چه‌کدارانه. هه‌ڵبه‌ت به‌نه‌زه‌ر من ئه‌گه‌ر کارێکی وا کراباو توانرابا ئه‌م هێزانه له‌ناو ئێران‌دا بمێننه‌وه، له‌وانه‌یه ئیستا ره‌وتی رووداوه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی تر بایه، به‌ڵام ره‌وتی گۆرانکاریه‌کانی ناوچه به‌شێوه‌یه‌ک بوو که زیاتر له دوو ده‌یه خه‌باتی چه‌کدارانه‌و خوێناوی لێکه‌وته‌وه زیاتر له 10000 که‌س پێشمه‌رگه له هێزه کوردیه‌کانی رۆژهه‌ڵات و ده‌یان هه‌زار که‌س له خه‌لکی بێ دیفاعی رۆژهه‌ڵات بوونه قوربانی ئه‌م شه‌ره مالوێرانکه‌ره. ئه‌ڵبه‌ته ستراتیژی ئه‌م شه‌ره ته‌نها بۆ ئه‌وه‌بوو که رێژیمی کۆماری ئیسلامی بێنێته سه‌ر مێزی گفتووگۆ و کێشه‌کان به‌شێوه‌ی ئاشتیانه حه‌ل بکرێن. هه‌رچه‌نده ئه‌م هێزه کوردیانه له‌سه‌ر مێزی دانیشتن بۆ گفتووگۆ زه‌ربه‌ی قورسیان به‌رکه‌وت به‌ڵام ئاراسته‌ی رووداوه‌کان هه‌ر به‌جۆری پێشتر و تووندتریش درێژه‌ی پێدرا. به‌داخه‌وه نه کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ نه‌رمیه‌کی به‌رچاوی له‌خۆی نیشان دا به‌رامبه‌ر به ئۆپۆزسیۆنی کوردی رۆژهه‌ڵات و نه‌ک ئۆپۆزسیۆنیش له‌ماوه‌ی رابردوودا رێکار و به‌رنامه‌یان ده‌ستکاری کرد به‌ڵکو حازر نه‌بوون له ژێر یه‌ک هه‌ڵوێستیش کۆ ببنه‌وه. هه‌ڵبه‌ته به‌شێک له‌و ئۆپۆزسیۆنه له‌پێش هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری ساڵی 88 رێره‌وی سیاسه‌تی خۆی به‌شێوه‌یه‌کی تر گۆری ئه‌ویش به بره‌ودان به خه‌باتی مه‌ده‌نی و به‌شداری پی کردنی هه‌موو چین و تویژه‌کانی کوردستان و ئێران له خه‌بات بۆ به‌ده‌ست هێنانی ماف خۆی.
لای خه‌لکی کورد ئه‌وه هه‌میشه باو بووه که ده‌بێ ده‌سته‌یه‌ک ببنه شۆرشگێر و خه‌لکیش باره‌قه‌ڵایان پێ بڵێ. ئه‌وه یه‌کێک له گه‌وره‌ترین ئیشکاله‌کانی خه‌بات بووه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان چ له‌سه‌رده‌می خه‌باتی چه‌کداری و چ له‌سه‌رده‌می خه‌باتی مه‌ده‌نی. هه‌میشه به‌شێکی بچوک له کۆمه‌لگای کورده‌واری هه‌موو شتێکیان تێداچووه و خه‌لکه‌که‌ی تریش چاویان لێ کردون و به‌شدار نه‌بوون له شۆرش و جولانه‌وه به‌پێی پێویست. جولانه‌وه‌یه‌ک پێویستی به‌وه‌یه که هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا له فه‌قیر و ده‌وڵه‌مه‌ند و له راسته‌وه بۆ چه‌پ له هه‌موو هه‌ستان و شکانه‌کانی جوڵانه‌وه‌کە دا به‌شداربن. به‌داخه‌وه کێشه‌ی سه‌ره‌کی موباره‌زه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان راست ئه‌وه‌یه که به‌شێکی دیاریکراو وه‌ک ئه‌وه‌ی که پێیان سپێردرابێ ئه‌وه ئه‌رکی ئێوه‌یه که شۆرشگێر بن و، خه‌لکی تریش چاوتان لێ ده‌کا له کاتی سه‌رکه‌وتنه‌کاندا خۆ نزیک ده‌که‌نه‌وه چه‌پڵه لێ ده‌ده‌ن و له کاتی شکانه‌کاندا روو وه‌رده‌سوڕێنن و ده‌ست ده‌که‌ن به ره‌خنه‌و گازه‌نده که ئێوه توانای ئه‌وه‌تان نیه که رێبه‌ری جوڵانه‌وه‌بن.
خه‌باتی مه‌ده‌نی ...گرینگی خه‌باتی بێ تووندوتیژی لێره‌دا هه‌ست پێ ده‌کرێ که جیهانی ئێستا گۆرانی به‌رچاوی به‌خۆیه بینیه‌وه. توندوتیژی وه‌ڵامده‌ری خواسته‌کانی مرۆڤ نیه له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئیستاماندا و، خه‌باتی مه‌ده‌نی ده‌توانێ هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا له خۆیدا جێگا بکاته‌وه. به‌نه‌زه‌ری من ئه‌گه‌ر میلله‌تی کورد له‌سه‌ره‌تاوه درێژه‌ی به خه‌باتی مه‌ده‌نی و کلتوری به‌شێوه‌یه‌کی گشتی دابا، حه‌تمه‌ن نه‌وه‌ی ئیستا خاوەنی پێشکەوتنێکی زیاتر و سەردەمیانەتر دەبوو لە تێکۆشان و خەبات دا.
زۆر شێوه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی که خه‌باتی بێ تووندوتیژی درێژه پێ بدرێ و پێش هه‌موو شتێک نابێ حکومه‌ته دیکتاتۆره‌کان هان بدرێن به وه‌ی که هێرشی نیزامیان بۆ بکرێ. ئه‌وان خۆیان خاوەنی تەیارترین چەک و جبەخانەن و سروشتی‌یە کە زۆریان پێ خۆشە لایەنە کەم هێزەکان بە چەک هێرشیان بۆ بکەن تا هه‌رچی له‌توانایاندایه بۆ له‌ناوبردنی ئه‌م هێرشه و لە پاڵ ئەوەش دا وەک بیانوویەک بۆ سەرکوتی هەموو جموجۆڵێکی هێمنانە بە کاری دێنن. هێزی ئۆپۆزسیۆن کاتێک باوه‌ری به خه‌باتی مه‌ده‌نی هه‌یه نابێ بە هێندێک بیانووی بچووکی وەک تۆڵەی فڵان شەهید یان کوشتنی فڵان موعتاد و ... په‌نا بۆ هێزو تووندوتیژی به‌رێ و به‌هانه بداته ده‌ست حکومه‌ته دیکتاتۆره‌کان تا به چه‌ک و هێز وه‌لامی خه‌ڵک بده‌نه‌وه.
جولانه‌وه‌ی بێ توندوتیژی ده‌بێ به‌رنامه بۆ دارێژراوبێ. ئه‌گه‌ر به‌رنامه دارێژراو نه‌بێ زوو تووشی شکست ده‌بێ. هیچ کاتێک له‌وه‌ی که دیاری ده‌کرێ وه‌ک به‌رنامه‌ی کار بۆ جولانه‌وه‌که، نابێ نه زیاتر له به‌رنامه‌بێ نه‌که‌متر کار بکرێ. ده‌نا ئەگەری زۆری هه‌یه که حکومه‌ته دیکتاتۆره‌کان دژکرده‌وه‌یان زۆر تووندبێ بێ. هه‌رکاتێک هه‌ست کرا که په‌یامه‌که گه‌یشتووه به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان حه‌ره‌که‌ته‌که رابگیرێ، جولانه‌وه‌ی بێ تووندوتیژی ده‌بێ له‌پێشدا راگه‌یاندنێکی باشی بۆ بکرێ له نێو هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگادا.
قه‌زاوه‌ت کردن له‌سه‌ر جولانه‌وه‌یه‌ک که ئایا سه‌رکه‌وتووه یان نا، ده‌بێ چاو له هه‌ده‌فه‌کانی بکرێ. ئایا هه‌ده‌فه‌کانی خۆی پێکاوه یان نا. ئه‌گه‌ر نه‌شی پێکابێ ئه‌وه له‌هه‌مان کاتدا خه‌ڵک یه‌ک هه‌نگاو زیاتر چوونه پێش له داواکردنی داواکانیان له حکومه‌ته دیکتاتۆره‌کان.
خه‌باتی مه‌ده‌نی شتێک نیه که یه‌ک رۆژه بگاته ئامانج. کاتی ده‌وێ و ده‌بێ له‌سه‌ره‌تاوه به هه‌ده‌فه بچووکه‌کان ده‌ست پێ بکه‌ی و ورده ورده تا داواکاریه‌کان و هه‌ده‌فه‌کانیش گه‌وره‌تر ده‌بن. بۆیه له‌وانه‌یه خه‌باتی مه‌ده‌نی جیاوازیه‌کی هه‌بێ له‌گه‌ڵ جۆره‌کانی تری خه‌بات ئەویش ئه‌وه‌یه که کاتی ده‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌باته‌که بگاته ئامانج.
بوونی رێبه‌رێک له خه‌باتی مه‌ده‌نی یان خه‌باتی بێ تووندوتیژی زه‌رووری نیه، خه‌ڵک وا بیر ده‌که‌نه‌وه که ده‌بێ له‌هه‌ر شوێنێک که خه‌باتی مه‌ده‌نی هه‌یه، مهاتما گاندیه‌ک هه‌بێ بۆ رێبه‌ری جولانه‌وه‌یه‌ک، به‌ڵام ئه‌وه خه‌ته‌ری زۆره له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و رێبه‌ره هه‌رچه‌ند نفوزی زیاتر بێ و خۆشه‌ویستر بێ، ده‌توانێ له‌داهاتوودا ده‌رده‌سه‌ر سازبێ و یان ئه‌ورێبه‌ره بکوژرێ. بەوەش داهاتووی جوڵانەوەکە تەم و مژاوی دەبێ. بۆیه ده‌بێ زانستی خه‌باتی مه‌ده‌نی به‌جۆرێک بڵاو بکرێته‌وه که هه‌رکه‌س بۆخۆی بتوانێ رێبه‌رێک بێ و ئه‌رکی خۆی به‌باشی به‌رێوه ببات..
به شکانی جولانه‌وه مه‌ده‌نیه‌کان به‌شێک له‌خه‌لک زوو بریارده‌ده‌ن که ئه‌م جولانه‌وه‌یه شکستی خواردوه و ده‌بێ په‌نا بۆ خه‌باتی تووندوتیژی ببردرێ، ئه‌مه شتیکی هه‌ڵه‌یه. چونکه خه‌باتی مه‌ده‌نی کاتی ده‌وێ. جاری واهه‌یه له شتێکی بچوک یان روداوێکی زۆر ساده‌وه جولانه‌وه‌یه‌کی مه‌ده‌نیی گەورە دروست ده‌بێ که هیچ دیکتاتۆرێک ناتوانێ کۆنترۆلێ بکا.
درێژه‌ی هه‌یه..