ئاگری باڵه‌کی

ئاگری باڵه‌کی

ئاگری باڵه‌کی

ئاگری باڵه‌کی

تکایە لە گەورەیی "پێشەوا" کەم مەکەنەوە !

تکایە لە گەورەیی "پێشەوا" کەم مەکەنەوە !

4 Apr 2012
ئاگری باڵەکی

پێشەوا قازی محەمەد، رێبەر و رێنشاندەر و دامەزرێنەری یەکەم قوتابخانەی ناسیۆنالیستی کورد، رێبەرێک کە کەم ژیا و کەڵ ژیا. ئەو وەک رێبەرێکی ئەفسوناوی بۆ کورد لە سەردەمێکدا بوو بە رێنیشاندەر کە تاکو ئێستاشی لەگەڵ بێت لەسەر ئەم رێگایە کورد هەنگاو دەنێت، ئەوەی فەیلەسوفە یۆنانیەکان لە بارەی دەوڵەت و رێبەری خەڵک بە نووسین باسیان کرد بوو و لە کتێبەکانیاندا وەک بیرۆکە هێنابوویان، پێشەوا بە کردەوە ئەو بیرۆکانەی لەماوەی رێبەریی خۆیدا بە کردار جێبەجێی کرد. قازی محەمەد لە کردەوە دا 

نیشانی دا کە رێبەرێکە لە خزمەت خەڵک و نەتەوەدایە، کەسێک نەبوو کە هەر بە وتاردان رێبەر بێت یان بۆ کردەوە خۆی بدزێتەوە لەوەی کە لەسەر شانیەتی، پێشەوا لە سەر دەمێکدا بوو کە کۆمەڵگای کوردەواری رێژەی خوێندەواری ٢% بوو، چینی روناکبیر و خوێندەوار زۆر کەم بوو. شەش دەیە پێش ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان پێشکەوتنێکی ئەوتۆ نەبوو بەڵام پێشەوا وەک گوڵیک لە بیابان نیشانی دا کە کەسێکی دەگمەنە، ئەو لەو سەردەمەدا دەیتوانی بە ٦ زمان ئاخاوتن بکات کە ئەمە وای لێکرد بوو پەیوەندیەکی دیپلۆماسی گرینگی هەبێ و وەک رێبەرێکی سیاسیش لە دۆکۆمێنتەکانی وڵاتانی زلهێزی جیهان ناوی پێشەوا وەک کەسێکی بەناوبانگی ناوچەکە هاتووە. 
پێشەوا قازی محەمەد ئەو کەسە بوو کە نیشانیدا بەراستی رێبەرێکی گەلیی و نەتەوە خۆشەویستە، نە پێش پێشەوا و نە دوای ئەویش رێبەرێک لە گەروەیی ئەو لە مێژووی کوردا پەیدا نەبۆتەوە کە بتوانێ خۆشەویستی زۆربەی کۆمەڵانی خەڵکی نەتەوەکەی بێت. پێشەوا کەسێک بوو کە لەسەردەمی خۆیدا فەیلەسوفێکی زانا بوو، بەداخەوە نموونەی وەک ئەو تاکو ئیستاشی لەگەڵ بێت لە نێو کوردا دوبارە نەبۆتەوە. 
مەبەستی من لە نووسینی ئەو کورتەیە ئەوە بوو کە نووسین لە بەرامبەر گەورەیی پیشەوا دا هیچ ناتوانێ باس بکات. ئەگەر رێبەرانی دوای پیشەوا تەنها بەشێک لە شێوی کاری پیشەوایان کردبا ئەوە کورد لەم سەردەمەی ئێستا دا خاوەنی کیانی خۆی بوو. پێشەوا ٦٦ ساڵ لەمەو پێش ئەوەی بەبیر دا هات کە دەبێ کوردەکان یەکگرتوو بن و نەتەوەی کورد کیانی خۆی هەبیت و ئەوەشی بە کردەوە سەلماند کە هەم کوردەکان دەتوانن یەکگرتوو بن و هەمیش دەتوانن وەک هەموو نەتەوەکانی دیکەی جیهان خاوەنی پێگەو وڵاتی خۆیان بن، بەڵام بۆچی دوای ٦ دەیە ئێستاشی لەگەل بێت بیر و کردەوەکانی پێشەوا نە چوونەوە قۆناغی جێ بەجێ کردنەوە ئەوە لێرەدا جێگای پرسیارە؟ هیوا دارم کە وەلامی ئەم پرسیارە بە زوویی وەلام بدرێتەوە . 
ماوەیەکە زۆر کەس و لایەن پەیدا بوون کە پێشەوایان تەنیا بۆ ناوەکەی دەوێت و دەیانهەوێ پێشەواش وەک سەرکردەکانی دیکەی کورد بکەنە سەنگەرو لە پشت ناوی پێشەواوە هێرش بکەنە سەر ئەم و ئەو یان پێشەوا بچەسپێنن بە لایەنێک ئەویش بە بەکار‌هێنانی ناوی بنەماڵە یان ناوی حیزبی پێشەوا قۆرغ بکەن بۆ خۆیان. زۆر کەس پەیدا بوون کە لەپشت ناوی پێشەواوە ناو بۆخۆیان دروست دەکەن و پێشەوا دەکەنە پرد بۆ پەڕینەوەی خۆیان. هەر وەک سەرکردەکانی تریان کردۆتە پرد بۆ پەڕینەوە و گەیشتن بە ئامانجە تایبەتیی‌یەکانیان. ئەو کەس و لایەنانە ئەگەر لەباتی ئەوەی هێندە ناوی پێشەوا دێنن، بابەلایەنی کەم نیوەی ئامۆژگاریەکانی پێشەوایان جێ‌بەجێ کردبا ئەوە ئێمەی کورد پێگەمان لە ئاستێکی تردا دەبوو.
هیچ کات پێشەوا نەیگووتوە یەکگرتوو مەبن، دژی خەڵکی خۆتان بن، خەڵک بکەنە پرد بۆ پەڕینەوە، دژی برای خۆتان بچنە سەنگەرەوە، بەڵام بەداخەوە رێبەر و کەسایەتیەکانی ئێستای کوردستان تەواو بە پێچەوانەی ووتە و ئامۆژگاریەکانی پێشەوا هەنگاویان هەڵێناوە و دەجوڵێنەوە. 
رێکخراوەکان و حیزبەکان یان زۆر کەس لەنێو کۆمەڵگای کوردی ئێمە دا تەنها لە رۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و ١٠ی خاکەلێوە پێشەوایان لە بیرە و لەو رۆژەدا دەبنە میراتگر و نوێنەری بە حەقی پێشەوا بەڵام لە رۆژەکانی تردا پیشەوایەک هەر لە بیر نامێنێت. ئەو کۆمەڵە کەس و لایەنانەش هەر بە پێشەوا وە نەوەستاون و بەڵکو رێبەر و سەرکردەکانی تریشیان لە مێژە کردۆتە سەنگەر و عەیب و عاری خۆیان لە پشت ئەوان دەشارنەوە.
لە کۆتایی دا دەڵێم؛ بەسە رێبەرانی دیکەتان لە لای نەوەکانی داهاتوو کرد بەهیچ و هیچتان نەهێشتەوە لە گەورەیی و ئازایەتیان، هەمووتان بە کردارەکانی خۆتان لە نێوبرد. دە تکایە لە "پێشەوا" گەڕێن چونکە تەنیا ئەو ماوە کە خۆی پێ هەڵواسن و گەورەیی ئەویش بشکێنن. دە لێگەڕێن با "پێشەوا" هەر بەگەورەیی خۆی بمێنێتەوە.

نظرات 0 + ارسال نظر
برای نمایش آواتار خود در این وبلاگ در سایت Gravatar.com ثبت نام کنید. (راهنما)
ایمیل شما بعد از ثبت نمایش داده نخواهد شد