شه‌ڕ له‌سه‌ر که‌بوودوه‌ند بۆچی؟
هه‌فته‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر، دوای راگه‌یاندنی کاندید کرانی محه‌مه‌د سه‌دیقی که‌بوودوه‌ند وەک کاندیداتۆری خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلی 2011 هه‌موو کوردێک به بیستنی ئه‌م هه‌واڵه خۆشحال بوون. هه‌رچه‌نده ماوه‌ی ئەوە که‌م بوو بۆ تا دڵسۆزانی نه‌ته‌وه هه‌وڵی تەواوی خۆیان بده‌ن ئه‌م ئه‌رکه به‌باشی بگه‌یه‌ننه جێ، له ماوه‌ی ئه‌م 43 رۆژه‌دا واته (له 19ی دیسامبری 2010 را تا 31ی ژانویه‌ی 2011) دوای نامەکەی بنه‌ماڵه‌ی به‌رێز که‌بوودوه‌ند، حیزب و لایه‌نه سیاسیه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و کۆمه‌لێک له چالاکانی مافی مرۆڤی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پشتیوانیه‌کی باش بۆ که‌مپینێک کۆ کرایه‌وه که بتوانن به‌رێز که‌بوودوه‌ند کاندیدی ئه‌م خه‌ڵاته بکرێ.
هیوام دەخواست هەموو حیزبەکان بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی لەو هەنگاوە، بە هەموو تواناوە دەزگای دیپلۆماسیی خۆیان وەگەڕ خستبا و کەوتبانە رەقابەتێکی سالم بۆ ئەو کارە خێرە، به‌ڵام بە داخەوە بەشێک لە لایەنەکان بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی پشتیوانی خۆیان خەڵاس کرد و بە داخی زیاترەوە بەشێکیان ئه‌و نامه‌یه‌شیان نه‌نووسی.
زۆر خۆشه ئێمه‌ش بتوانین وه‌ک نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی دنیا سه‌رکه‌وتنه‌کانمان بۆ نه‌ته‌وه بێ و کاتێک کارێک سه‌رده‌که‌وێ هه‌موو به ئی خۆمانی بزانین و کاتێک شکستیش دێنین هه‌موو خۆمان به‌شدار له‌و شکسته دابنێین و هه‌وڵیش بده‌ین شکسته‌کان بکه‌ینه په‌یژه‌ی چوونه‌سه‌ر بۆ سه‌رکه‌وتنه‌کانمان.
ئه‌م سه‌رکه‌وتنه نیشانی داین که هه‌موومان پێکه‌وه ده‌توانین شت بین، به‌ڵام ده‌نگه تاکه‌کان زۆر بڕ ناکەن و زوو کپ ده‌بن، ده‌بێ هه‌موومان که‌بوودوه‌ند بکه‌ینه ره‌مزی پێکه‌وه بوون و پێکه‌وه گونجان و پێکه‌وه کارکردن، نه‌ک هجوم بۆ سه‌ر یه‌کتر کردن به بیانووی ئه‌وه‌ی ناوی من نه‌هاتووه، ئه‌و که‌سه بۆ نووسراوه، نازانم که‌ی ئه‌و منه منه کۆتایی دێ.
باشه دێمۆکرات بێ یان کۆمه‌ڵه بێ و خه‌بات بێ و چالاکانی مه‌ده‌نی بن و ..... چ له‌و کاره پیرۆزه که‌م ده‌کات که کاتێک کوردێک بتوانێ له ناوه‌ندێکی جیهانیدا ده‌نگی نه‌ته‌وه‌یه‌کی زوڵم لێکراو به‌رز بکاته‌وه، من نازانم هه‌ده‌فی ئه‌م لایه‌ن و که‌سانه چیه له چه‌واشه‌کاری به‌رامبه‌ر ئه‌وکاره، لێره‌دا پرسیارێک هه‌یه ئایا ژماره‌ی ئه‌و کەسانەی تۆماری پشتیوانیان ئیمزا کردووه به‌راستی ده‌گه‌نه به‌شێکی بچوکی ئه‌ندامانی حیزبی دێمۆکرات یا کۆمه‌ڵه؟ من نازانم بۆچی لە ده‌نگدان بۆ شه‌ره رێبه‌ر ئازان، ئه‌ندامانی حدک و کۆمه‌ڵه له‌سه‌ر ئینترنێت شه‌ره نه‌فه‌ر بکه‌ن له‌سایتی ( world prisdent) که له‌وێدا ده‌نگ بده‌ن به رێبه‌ره زیندوو و مردوه‌کان و یه‌که‌ی زیاتر له 45000 هه‌زار ده‌نگیان پێ بده‌ن به‌ڵام کاتێک قه‌راره کارێکی نه‌ته‌وه‌یی بکه‌ن هه‌موو پشتی تێ ده‌که‌ن و به‌بیانووی جۆراوجۆر خۆی لێ ده‌ده‌زنه‌وه؟! لێره‌دایه نیشان ده‌دا که کوردی ئێمه ئه‌وه‌نده‌ی له‌خه‌می حیزب و شه‌خسی تایبه‌ت دایه ئه‌وه‌نده له فکری نه‌ته‌وه و وڵات دانیه. شتێکی جالبی دیکه‌ش که هه‌بوو ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی له گرووپی فه‌یسبوکی به‌رێز که‌بوودوه‌ند بوون زیاتر له 2200 که‌س بوون کەچی له ئیمزایه‌کاندا ته‌نها 1200 ناوی که‌سی تێدابوو! ئه‌وه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که ئێمه ئیمکاناتی سەردەم و لەوانە فه‌یسبووک و ئه‌نته‌رنێت به‌گشتی ته‌نها بۆ کات به‌سه‌ر بردن و تانه‌و ته‌شه‌ر لێکدان به‌کار ده‌هێنین نه‌ک بۆ فێر بوون و بۆ بەکارهێنانی لە پێناو ئامانجە نەتەوەیی و ئینسانیەکانمان دا.
لێره‌دا مه‌به‌ستم ئەوەیه نیه کە حیزبێک یان لایه‌نێک یا که‌سانێک بە تەواوی خۆی بۆ ماندوو بکا و ئەوانی تر لێی بگەڕێن. تا ئاستێک کە هیندیک پێیان وابێ کەبوودوەند کاندیدی لایەنێکی دیاری کراوە. لە حاڵێکدا ئەو لایەنە تەنیا ئەرکی خۆی بە جێ گەیاندووە. ئەرکێک کە ئەوانی تر لەو مەرحەلەیە دا بە باشی بە جێیان نەگەیاند بەڵام هێشتا دەرفەت بۆ بە جێ گەیاندنی ماوە و هیوادارم بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی هەرچی زیاتر لە ئاستی نێونەتەوەییدا لایەنەکان لە گەڵ یەک بکەونە رقابەتێکی سالمەوە.
من نامهه‌وێ باس بکه‌م کێ ئه‌م کاره‌ی کردووه، چونکه سه‌رچاوه‌کەی بە دوای داواکاری بنەماڵەی کەبوودوەند، بیر و فکر و گه‌وره‌کردنه‌وه‌ی چه‌ند هاورێیه‌ک بوو، به‌ڵام راستیتان ده‌وێ نه ئه‌و که‌سانه ده‌یانهه‌وێ گه‌وره بنه‌وه و نه ده‌یانهه‌وێ به ناوی یه‌کێکی تر ناویان بێته ناو ناوان، ئه‌و بەڕێزانە ئه‌م کاره پیرۆزه‌یان هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌ر که‌میش بێ پێشکه‌شی نه‌ته‌وه‌ی خۆیان کردوه و له‌وه‌ی کارێکیان بۆ رۆله‌یه‌کی کورد له زیندانه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئه‌نجام دابێ خۆیان به به‌خته‌وه‌ر و سه‌رکه‌وتوو ده‌زانن و هیواداریشن له‌داهاتوودا کاری گه‌وره‌تریش به ئه‌نجام بگه‌یه‌نن.
-----------------------------
_ سایتی world prisdent سایتێکه که له‌وێدا ده‌نگ بۆ ئه‌وکه‌سه ده‌ده‌ی که پیت خۆشه به‌مه‌رجێک تۆمار کرابێ له‌لایه‌ن ئه‌وسایته‌وه.
ـ که‌مپینی کاندیداکردنی محه‌مه‌د سه‌دیوی که‌بووه‌ند بۆ خه‌لاتی ئاشتی نۆبیل لاپه‌ره‌ی فه‌یسبووک
ـ سایتی رۆژهه‌ڵات تایمز