ئێستا لە کوردستاندا ئێمە خاوەنی سەدان حیزب و رێکخراوین کە هەر یەکێکیان میتۆد و بیرکردنەوە و شێوەی خەبات و هەروەها مەیدانی خەباتیشیان جیاوازە. لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا حیزب و رێکخراومان هەن کە لە راستی راستەوە بۆ چەپی چەپ خەبات دەکەن، هەر یەک لەو حیزب و رێکخراوانەش خاوەنی پێگە و جەماوەری خۆیانن و هەرکامیشیان بۆ بردنە پێشی بیری خۆی هەوڵ دەدات، کە ئەوە ئەمرێکی ئاساییە و جێگای رەخنە نیە، بەڵام لەو شوێنە دا دەکەوێتە خانەی رەخنەوە کە حیزبێک بۆ بردنە سەری راددەی جەماوەری خۆی دەست دەبا بۆ خراپکردنی روکاری حیزبێکی تر لە نێو کۆمەڵگە دا، کە بەداخەوە ئەوە لەنێو ئێمەی کورد خەریکە دەبێتە باو و عادەتی رۆژانەمان. ئەمانە لە جێگای خۆی بەڵام کاتێک کە رکابەریی زۆر تووند دەبێت بەداخەوە حیزبە کوردیەکان نەک رێز بۆ سنورەکانی نێوان رێکخراوەکان دانانێن بەڵکو سنورە نەتەوەیەکانیش دەبەزێن و بەم جۆرە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیەک دەکەوێتە بەر هێرشی نێوخۆیی. کاتێکیش کە سنوری بەرژەوەندیەکانی نەتەوەیی لە ناوخۆ بەرەوە و کزی رۆیشت زۆر بە ئاسانی لە لایەن هێزەکانی دەروەی کوردستان دەستدرێژی دەکرێتە سەر بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئەوکات هیچ بەربەستێکی بەهێز نابێت کە ئەم هێرشانە بپارێزێت.
" هۆکاری ئەوەی کە ئێمەی کوردیش تاکو ئێستا نەمانتوانیوە بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆمان پێش حیزبیەکەمان بخەین، ئەوە بووە کە ئێمە بەگشتی هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت لە مانای حیزبایەتی یان کاری رێکخراوەیی تێنەگەیشتووین. دەکرێ لە مانایەکی سادەدا بڵێن کە حیزب زۆرتر ئامرازە تا ئامانج، دەبێ حیزبایەتی وەک ئامراز بەکاربهێنرێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکانی نەتەوەیەک. "
ماوەیەک لەمەوپێش بەرێز "خالید عەزیزی" لە چەندین کۆبوونەوەی جیاجیادا باسی لە پرۆژەیەکی نوێ کرد، ئەویش پێکهێنانی پرۆتۆکۆڵی نەتەوەیی (قەراردادی نەتەوەیی) بوو، بە باوەری کاک خالید عەزیزی دەبێ کۆنتراکتێکی نەتەوەیی لە نێوان هێزەکانی کوردستان دا هەبێت بۆئەوەی بەرژەوەندیییە باڵاکانی نەتەوەی کورد بپارێزن. بەرێز عەزیزی لە یادی ٦٦ ساڵەی کۆماری کوردستان کە ئەمساڵ بە شکۆیەکی گەورە لە هەولێر گیرا، لە وتەیەکی کورت دا ئەم باسەی هێنایەوە گۆڕێ و گوتی: دیارده‌یه‌کی به هێزی کۆماری کوردستان که ره‌نگه ئێستا به ته‌واوی سه‌نه‌دییه‌تی پێ نه‌درابێ، به‌ڵام له هه‌موو ئاماژه‌کانی مێژوویی و سیاسیی و ئاوڕدانه‌وه ئیشاره‌ی پێ ده‌کرێ و ناکرێ ئینکاری بکه‌ین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه کۆنتراکتێکی نه‌ته‌وه‌یی (قەراردادێکی نەتەوەیی)، له لایه‌ن کۆماری کوردستان دامه‌زرا.
ئه‌و قه‌رارداده نهتهوهیییه 66 ساڵ دوای کۆماری کوردستان ئێستاش له نێو هه‌موو چین و توێژێکی نه‌ته‌وه‌ی کورد له هه‌موو ماڵه‌کان له هه‌موو مه‌یدانێکی سیاسی دا ناکرێ حاشای لێ بکرێ و رؤژ به رۆژ نەهادینه ده‌بێ و ده‌بێ به فه‌رهه‌نگ. ئەوانیش "ئاڵای کوردستان، مێژووی کوردستان و هه‌روه‌ها له ته‌نیشت ئه‌وانه‌دا سروودی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ی ره‌قیب". له هه‌موو دنیا دا نه‌ته‌وه‌کان به رابردوویان پێناسه ده‌کرێن. رابردووی ئێمه‌ش ئاڵای کوردستان، مێژووی هه‌موو چالاکی و تێکۆشانی نه‌ته‌وه‌ی کورد و سروودی نه‌ته‌وەیی ئه‌ی ره‌قیبه و ئه‌وه‌یه ده‌ست بداته ده‌ستی یه‌ک و 66 ساڵ دوای دامه‌زرانی کۆماری کوردستان، له سه‌رده‌مێک دا که ئاڵوگۆڕه‌کان له دنیادا له حاڵی پهرەئهستاندندان ده‌توانێ سیاسه‌ت گوزارێکی باش بۆ داهاتوو بکا. بۆیه ئه‌و کۆنتراکته نهتهوەیییهی که پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د به به‌شداری بارزانی نه‌مر و هه‌موو لایه‌ک هێنایانه گۆڕێ ده‌بێ ئێمه تێ بکۆشین له کۆمه‌ڵگای کورد دا بێ تهعارف نه‌هادینه‌ی بکه‌ین و بیکه‌ین به شانازی نه‌ته‌وه‌یی؛ شانازی‌کردن به ئاڵا و سروودی نه‌ته‌وەیی و به مێژووی نەتەوەکەمان.
ئەم وتانە لە کاتێک دایە کە وەک دەگوترێ بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا کۆنگرەی نەتەوەیی لە باشوری کوردستان ببەسترێ و لایەنە کوردیەکان لە راستەوە بۆ چەپ بەشدار بن، و لەوێدا وتاری نەتەوەیی کورد روو بە جیهان رێک بخرێت. من لەو بروایەدام پێش گرتنی وەها کۆنگرەیەک پێویستە هێندێک پرۆسەی تایبەت بخرێنە بواری جێبەجێ کردنەوە. یەکێک لەم پرۆسانە پرۆتۆکۆلێکی نەتەوەیییە کە دەبێ لایەنە کوردیەکان لە سەری کار بکەن بۆئەوەی بتوانن بە ئامادەییەکی باشترەوە بەشداری ئەم کۆنگرە یان هەر دانیشتنێکی تر بن، پێویستە کورد وەک نەتەوە لە سەر هێندێک پرس ساغ بێتەوە، چونکە بەراستی کات بە زەرەری کورد و بە قازانجی دوژمنان دەروات. ئێمە ئێستا لە سەردەمێکدا دەژین کە ئەو بابەتانەی ئێمە ئێستا باسیان دەکەین، زۆربەی نەتەوەکانی دنیا لە مێژساڵە لە نێو خۆیاندا حەلیان کردوە. هەربۆیە ئێمەش ئەگەر ئێستا ئەم کێشانە چارەسەر نەکەین ئەوە بۆ نەوەی داهاتووی کوردیش هەروا بە کێشەیی دەمێنێتەوە.
" بە بڕوای من دەبێ بەرژەوەندیە نەتەوەیەکان لەوەی کە هەیە زیاتر بەهێزتر و پڕرەنگتر بکرێت و دەبێ لایەنە سیاسیەکانی کوردستان زیاتر لە پرسە نەتەوەیییەکاندا یەکگرتووتر بن و بەرژەوەندی نەتەوەیی بخەنە سەرەوەی بەرژەوەندی حیزبی. "
د. عەبدولرەحمان قاسملو لە یەکێک لە وتەکانی دا دەڵێ: (خه‌باتی ئێمه خه‌باتێکی ره‌وایه. خه‌بات بۆ ئازادیی میلله‌تێکه، خه‌بات بۆ دوارۆژی منداڵهکانو نه‌سڵه‌کانی دیکه‌یه. ئه‌گه‌ر ئێمه وه‌ک ئه‌م نه‌سڵه ئه‌رکی خۆمان به باشی به‌جێ بگه‌یه‌نین ده‌توانین هیوادار بین که نه‌سڵی داهاتوومان شه‌هیدی نه‌بێ. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر نه‌سڵی رابردوو یا نه‌سڵه‌کانی رابردوو به باشی ئه‌رکی خۆیان به‌جێ هێنابا ره‌نگ بێ ئه‌و نه‌سڵه‌ی ئێمه شه‌هیدی نه‌ده‌بوو).
بە بڕوای من دەبێ بەرژەوەندیە نەتەوەیەکان لەوەی کە هەیە زیاتر بەهێزتر و پڕرەنگتر بکرێت و دەبێ لایەنە سیاسیەکانی کوردستان زیاتر لە پرسە نەتەوەیییەکاندا یەکگرتووتر بن و بەرژەوەندی نەتەوەیی بخەنە سەرەوەی بەرژەوەندی حیزبی. بەتەنیا بە قسەکردن و وتاردان هیچ لە کێشەکان ناگۆڕێ، گرینگ کردارە. بەڵام بەداخەوە ئێمە فێربووین کە لە قسەکردن و وتاردان کەم ناهێنین بەڵام کە دەکەوینە سەر گۆرەپانی کردار یان هیچمان پێ نیە و یان ناتوانین هەنگاوی گەورە بهاوێین.
بۆ ئێمە دەبێ ئەو فەرهەنگە فێربین کە رێز بۆ هێما نەتەوەیییەکانمان دابنێین و بیان پارێزین. با چاوێک لە وڵاتان یان نەتەوەکانی جیهان بکەین کە لەهەر وڵاتێکی ئەم جیهانەدا هێز و رێکخراو هەیە و بە هەموو بیروبۆچوونی جیاوازیانەوە. ئەگەر لە وڵاتێک‌دا حیزبێکی ئایینی دەسەلاتدار بێت، پێش ئەوەی رێز بۆ ئاینەکەی دابنێت خۆی بە نەتەوەکەی پێناسە دەکات و دواتر دەچێتە سەر کار و پڕۆژە سیاسی و دینیەکەی خۆی، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر حیزبێک بە بیرێکی چەپ رابەرایەتی وڵاتێک بکات ئەوە پێش بیری چەپ بوونەکەی بیر لە نەتەوەکەی خۆی دەکاتەوە و دواتر دەچێتەوە سەر بیری چەپیەکەی و پارێزگاری لێدەکات و بەرەوپێشی دەبا. جا بۆیە باشترە ئێمەی کوردیش بە هەموو جۆرە بیرکردنەوەکانمانەوە رێز بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی خۆمان دابنێن و سنورێک بۆ پاراستنی دابنێین. هەربۆیە دەبێت پیرۆزیی "ئاڵای کوردستان" و سرودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" ببنە هێمای نیشتمانی کورد و هەموو رێکخراو و بارتەکانی کوردستان لە بەرنامەی خۆیاندا بیگونجێنن.
پەراوێزەکان:ـ وتەکانی خالید عەزیزی لە یادی کۆماری کوردستان، هەولێر ٢٠١٢
ـ وتەکانی د. قاسملو له رێوڕه‌سمی پرسه‌و سه‌ره‌خۆشیی پێشمه‌رگه و ئه‌ندامی له‌مێژینه‌ی حیزب "خالید عه‌لیپور" دا لە زستانی 1367