ئاگری باڵه‌کی

ئاگری باڵه‌کی

ئاگری باڵه‌کی

ئاگری باڵه‌کی

کە بوودوەند بە تەنها بەجێ مەهێڵن

کە بوودوەند بە تەنها بەجێ مەهێڵن

avatar
ئاگری باڵەکی

ماوەی دوو حەفتەیە محەممەد سەدیقی کەبودوەند سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە زیندان دا مانی لە خواردن گرتووە و بەوهۆیەشەوە هیچ هەواڵێک لە بارودۆخی نییە. لایەن و کەسایەتی و راگەیێنەکانی ئێرانیش بەتایبەت کوردیەکان لە مانگرتن و کێشەکەی کەبودوەند بێدەنگن هەر وەک ئەوەیکە تا ئێستا پێیان نەزانیبێ یان گرینگی‌یەکی نەبێ بۆیان.
پارتە سیاسی‌یەکان، رێکخراوەکان، چالاکانی مەدەنی و پارێزەرانی مافی مرۆڤ و رۆژنامەوانان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کەبودوەند پێش 

ئەوەی دامەزرێنەر و بەرپرسی رێکخراوێک بێت، مرۆڤێکی ئاسایی ئەم کۆمەڵگەی ئێوەیە و تاوانیشی تەنیا ئەوەیە کە بۆ ئازادی مرۆڤەکان هەوڵی دەدا، بەڵام رێژیمی خوێن مژ و دژە ئینسانی کۆماری ئیسلامی کە هەردەم دژی مرۆڤە ئازادیخوازەکان بووە، کەبودوەندی لە زیندانە تاریکەکانی خۆیدا بەند کردوە.

محەممەد سەدیقی کەبوودوەند کاتێک ئاگادار دەکرێتەوە کە کوڕەکەی بە هۆی تووشبوونی بە نەخۆشیەکی ئەستەم لە دۆخێکی نالەبار دایە و هاوکات بەرپرسانی زیندانی کۆماری ئیسلامی ئامادەنەبوون رێگای بدەن لە نێزیکەوە چاوی بە کوڕەکەی بکەوێ، هەرچەندە دۆخی تەندروستی خۆشی باش نییە بەڵام بەهۆی رەفتاری کاربەدەستانی زیندان ئەوە بۆ چەندەمین جارە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن. بەرێز کەبودوەندیش زۆری پێ خۆش بوو کە دەستی منداڵکەی گرتبا و بۆ چارەسەری نەخۆشیەکەی بردبایە لای دکتۆر یان وەک باوکێک هەستی باوکانەی بە کوڕەکەی خۆی گەیاندبا، بەڵام بەداخەوە ئەو دەرفەتەی پێ نادرێ چونکە ئەو زۆر لەپێشتر بەرامبەر هەموو منداڵانی نەتەوە ستەم دیدەکەی ئەو هەستەی هەبوو.
لەماوەی ئەم دووهەفتەیەدا کە کەبودوەند لە مانگرتن دابووە، تا ئێستا یەک راگەیاندن یان لایەن و کەسایەتی و نووسەرانی کورد زەحمەتیان وەبەر خۆیان نەدا کارێک بکەن کە ببێتە فشارێک بۆ ئەوەی دەنگی کەبودوەند بگەیێننە دەرەوەی ئێران، ئەگەر راگەیاندنێکیش یان کەسێکیش باسی کردووە هەر بەتەنیا وەک هەواڵیک بەسەریدا تێپەڕیوە. ئێمە نازانین حیکمەتی ئەوە لە چیدایە کە ئەگەر کار دەگاتە ئەوەی خەڵکانێک یان لایەنێک بیانهەوێ لە دەرەوەی ئێران نان لە کەبودوەند بخۆن و بە کەبودوەندەوە ناوی خۆیان گەورە بکەنەوە یان بۆ دزینی رێکخراو یان ناوبانگە جیهانیەکەی هەموو کارێک دەکەن بەڵام کاتێک هەر ئەوکەسە گیانی دەکەوێتە مەترسیەوە هەموو ئەو کەسانە لێی بێدەنگ دەبن! زۆر بوون ئەوکەسانەی کە لەسەر ناوبانگ و ناوی کەبودوەند و رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان شەڕیان دەکرد بۆئەوەی ناوێکیان لەناو ناوان دا هەبێ ، بەڵام سەد مەخابن کاتێک باوکی مافی مرۆڤی کوردستان دەکەوێتە دۆخێکی مەترسی دارەوە ، هەر ئەو لایەن و کەسانە کەسێک بەناوی کەبودوەند ناناسن. 
پێمانوایە ئەگەر محەممەد سەدیق کەبودوەند جگە لە کورد لەهەر نەتەوەیەکی دیکە بایە، ئێستا ماندێلایەکی دیکەیان لێ دروست دەکرد، بەڵام ئێمە فێربووین ئەوەی قازانجی بۆ لایەن یان بۆ شەخسی خۆمان تێدا نەبێت هەر بەلایدا ناڕۆین و نایکەینە پرسێکی گرینگی خۆمان. وەک دەبینین چالاکانی سیاسی و مەدەنی و رۆژنامەوانانی کوردی رۆژهەڵات (لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات) رۆژانە ئەوەندەی خەریکن بە گێرمەو کێشەی لایەنەکانی کوردستان ئەوەندە لە هەوڵ دا نین بۆ پرسی نەتەوەیی و کێشە نەتەوەیەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. نووسەران و رەخنەگرانی ئێمە ئەوەندە ئازان لە شکاندن وبێ حورمەتی بەئەم و ئەو و بە یەکتر بەڵام ئەوەندە لە گەیاندنی دەنگی مرۆڤێکی ئازادیخواز و بەرگریکار لە مافی ئەوان خەمخۆر نین. 
کاتێک هەوڵ درا کەبوودوەند کاندید بکرێ بۆ خەڵاتی ئاشتی نۆبێل، بەدەیان کەس هەستان کەمپین و رێکخراویان پێک هێنا بۆئەوەی کە کەبوودوەند کاندید بکەن بۆ ئەم خەڵاتە، هەرچەندە ئەوە کارێکی پیرۆز بوو بەڵام زوو بۆ ئێمە مەمانان دەرکەوت کە زۆر لەو کەس و لایەنانە تەنها بۆ خۆنیشاندان ئەم کارەیان کردوە و هەر لە سەرەتاوە بەرێز کەبودوەندیان کردۆتە وەسیلە بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆیان. زۆر کەس و لایەنی کوردستانیش رەخنەیان لە رێبەران و ئەندامانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان گرت کە دەیانهەوێ کێشەی کەبودوەند بکەنە حیزبی بەڵام دیتمان ئەوەی کە حیزبی دێمۆکراتی کورستان بۆ کەبوودوەند کردی زۆرتر هەوڵێک لە رووی بەرپرسایەتیی نەتەوەیی بوو نەک حیزبی. هەر لەو نێوەداش زۆر کەس و لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانیان بەوە تاوانبار کرد کە کەبودوەند بۆلای خۆی را دەکیشێ بەڵام لەوەش دا دیتمان جگە لە ماندووبوون و گلەیەکی زۆر هیچی تر بە باڵای حیزبی دێمۆکراتی کوردستان نەبڕا. 
ئێستا کە محەممەد سەدیق کەبوودوەند بۆ چەندەمین جارە گیانی کەوتۆتە مەترسیەوە، ئەو لایەنان و کەسایەتی و رەخنەگرانەی کە خەڵکیان بەوە تاوانبار دەکرد کە کەبوودوەند دەکەنە حیزبی، بۆ نایەن ئەوان کەبودوەند بکەنە کەسایەتی نەتەوەیی و دەنگی کپ کراوی ئەو بگەیەنە دەرەوە؟ یان نا ئێمەی کورد هەرئاوا راهاتووین کێشە حیزبی و شەرە دندووکە و بوخزاندن و کینە لێک هەڵگرین و بەغیلی بەیەکتر گەوەر بکەینەوە. کوردی ئێمە وا راهاتووە کە ئەگەر بۆخۆی فکرێکی نەبوو یان کارێکی لەدەست نەهات تەگەرە دەخاتە پێش ئەو کەسەش کە دەیهەوێ کارێکی باش بکات. 
لە کۆتایی دا داوام ئەوەیە لە لایەن و کەسایەتی و دەزگاکانی راگەیاندن و چالاکانی سیاسی و مەدەنی و رۆژنامەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان چ بە جیا و چ بەیەکەوە با کارێک بکەین کە دەنگی باوکی مافی مرۆڤی کوردستان بگەیێنینە گوێی دنیا . تکایە با بەس بێ شەڕی حیزبی و کێشەی رێکخراوەیی و شەخسی، ئەوە دەرفەتێک بێ بۆ کاری هاوبەش و بەرژەوەندەی نەتەوەیی.

نظرات 0 + ارسال نظر
برای نمایش آواتار خود در این وبلاگ در سایت Gravatar.com ثبت نام کنید. (راهنما)
ایمیل شما بعد از ثبت نمایش داده نخواهد شد